کامە سەرگەرمی مرۆڤ تیایدا زەرەرمەندە؟!

یەکێک لەو دەردو بەڵا ترسناکانەی ھەمیشە ھۆکاری سەرەکیە بۆ لەناوبردنی ئادەمیزاد، سەرگەرمی و سەرقاڵبوونیەتی بە ماڵ و منداڵیەوە، بەجۆرێک ئەوندە بە تەنگیانەوە بێت تاوەکو ئاگای لەفرمانی خاوەنەکەی نەمێنێ و گوێ بە حەڵاڵ و حەرام نەداو ئاوڕ لە مافی دیگەران نەداتەوەو سنوور شکێنی ببێتە خووی، وە سەرەئەنجام ئەم سەرگەرمیە ڕادەبەدەرە دەبێتە سەرەخۆرەی و بۆ ھەمیشە لە بەختەوەری لای دەدات و دەچێتە ڕیزی زەرمەندانەوە.
قورئانی موبارەک زۆر دەقیقە لە خستنەڕووی ڕاستیەکاندا، لەوانەش ئەم پرسە، لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم ئایەتە ڕادەکێشین کەوا تیایدا ئاماژەی وردو ناسک دەکات بۆ بنج و ڕیشکی ئەم دەردی سەرگەرمییە بە ماڵ و سامانەوە:
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ / المنافقون: ٩).
یەکەم: بانگھێشتن. سەرەتا خوای (متعال)، بە ناسناوی جوان و پڕمانای (ئیمان) و بەبێ ناوەندگیرو ڕاستەوخۆ بانگ لە ئیمانداران دەکات: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە. لێرەدا داچڵەکینێ ڕوودەدات، وەک چۆن لەناو خەڵکێکی زۆردا بەدروستی ناوی کەسێ یان توێژێ بھێنرێ و داواێکیان لێ بکرێ، ئیتر ھەر تەنھا بانگکراوان گوێ قوڵاخ دەبن و دێن بەدەمەوە.
دەی لە قورئانی کەریمدا ئەوانەی خیتابی خوایی ئاڕاستەیان کراوەو داواکاری ڕووبەڕوویان بۆتەوە باوەڕدارانن. ھەقە ھەموو جارێ کە ئەم نیدایە: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا) ببیسین، وەک باوەڕدار تەزوو بە لەشماندا بێت، وە بەھەموو گیانمانەوە گوێ ڕادێرین، بۆ ئەمرو فرمانی دوای ئەو بانگھێشت کردنە خواییە.
دووەم: سەرگەرم نەبوون بە ماڵ و منداڵەوە. بە جۆرێک ببێتە ڕێگر لە یادی خوا: (لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ عَن ذِكْرِ اللَّهِ)، ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە، ماڵ و منداڵانتان بێ ئاگاتان نەکەن لە یادی خوا. چوون ئەم سەرگەرمیە دەردەداریە: ( وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ)، ھەرکەسێک وا بکات ئا ئەوانە خۆیان خەسارۆمەندن.
سێیەم: فەرموویەتی: (لاتلهكم) نةك (لاتشغلكم)، چوون (الإلھاء)، بەزۆری لە مەقامی نەنگیی و لێخوێند و سەرزەنشتکردن(الذم)دا بەکار براوە. دەی سەرقاڵبوون بەھەر ئیشێکەوە لەبری یادی خوا، حەتمەن ئەوە کارێکی خوارو چەوتەو جێی ڕەخنەو سەرکۆنەکردنە لەڕووی ئاوەزو شەرعەوە.
چوارەم: بەکارھێنانی (لا) لە (أَمْوَالُكُمْ وَلَا أَوْلَادُكُمْ)، ئەم نەھی و قەدەغەکردنە، یانی سەرگەرمتان نەکات ماڵ و مناڵتان، چ پێکەوە یان بەتاک، نەوەک کەسێ واگومان ببات ئەگەر بە تەنیا مرۆڤ سەرقاڵ بێت بە ماڵ یان منداڵی ڕێگە پێ دراوە، نەخێر ، چ بە تاک وە چ پێکەوە، نەنگیە بۆ باوەڕدار سەرگەرمی کەن و لە یادی خاوەنەکەی بێ ئاگای بکەن.
پێنجەم: پێشخستنی (ماڵ) بەسەر (منداڵ)دا، لەحاڵێکدا خۆشویستنی منداڵ زۆر زیاترە، بەڵام سەرگەرمی مرۆڤ بە ماڵ و سامانەوە لەمنداڵی زیاترە، ئەمەش جۆرێکە لە ھۆشداری دان، چوونکە لە باسی خۆشویستندا منداڵ پێش دەخرێت، ھەروەک لە بواری حەزپێ کردن و ئارەزووی نەفسیدا ئافرەت پێشەنگی گرتووە لە تێڕوانینی پیاوانەوە: (زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاء وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ / آل عمران: ١٤).
شەشەم: لەم دەربڕینەدا: (لَا تُلْهِكُمْ أَمْوَالُكُمْ) بکەر (الفاعل) بریتیە لە (أموال)، کار لەسەر ئێوەی بەرانبەر (کم) دەکات، دەی خوا قەدەغەی دەکات ماڵ و منداڵ ڕووبەڕووی باوەڕدار ببنەوەو کاریی تێبکەن و لە وەزیفەی گەورەی خۆی دوای خەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گرنگی و مەزنی پایەی ئیمانداری لەلای خوای پەروەردگار. ھەروەک ئاماژەی وردی تیایەو گەر ھەرشتێ باوەڕدار سەرگەرم کات و لە یادی خوا دووری خاتەوە، ئەوا ئەو شتە سەردەکێشێ بۆ ھاوەڵگەرایی (الشرك).
حەوتەم: یادی خوا (ذكر الله)، بەمانای گوێڕایەڵی و گەردنکەچی دڵ دێت بۆ فرمانی خوا، چی فەرمووە دەبێ بکرێ بیکەین، وە چی فەرمووە دەبێ نەکرێ نەیکەین. زیکری خوا واتە قورئان: (وَهَذَا ذِكْرٌ مُبَارَكٌ أَنْزَلْنَاهُ / الأنبياء:٥٠). چوون وەختێک ئیماندار بە دڵ ئاگای لە قورئانەو پەیوەندی لەگەڵدا گەرمە، ئەوکات دادەمرکێ و دامەزراو دەبێت: (أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ/ الرعد: ٢٨).
ھەشتەم: ھەرکەسێک وابکات: (وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ). لەبەر ئەوەی لێرەدا (الإتھاء) لە کرداری مرۆڤەو ، وشەی (یفعل) کرداری تێنەپەڕە، سوودی بەردەوامی دەگەیەنێت و مرۆڤەکان پێی دەخەلەتێن، ھەربۆیە ھۆشداری تووند دەداتە ئیمانداران.
نۆیەم: ئائەوانە خۆیان خەسارۆمەندن: (فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ). لێرەدا جێناوی (ھم) بۆ تەوقدان و دەورەدانە، یانی بە تەواوی ئەوانە زەرمەندن. دەرفەتێک بۆ دەربازبوون نیە، گەر لەسەری بەردەوام بن.
دەیەم: سەرگەرمبوون بەماڵ و سامانەوە سەرقاڵبوونە بەکات و دڵەوە، یانی ھەم کاتی تیا سەرف دەکرێ، وەھەم دڵی پێوە دەبەسترێ و ئالوودەی دەبێ، لەبەر ڕوونەدانی ئەو حاڵەتە داوای بڕێک بەخشین دەکات لەوەی کردوومانە ڕۆزیتان: (وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم)، ببەخشن ھێندێ لەو ڕۆزیانەی پێمان داون. وشەی (مِن مَّا) سوودی بڕێک نەوەک گشتی، ھەروەھا (رزق) ئەوەی مرۆڤ پێویستیەتی لە ژیانیدا، ئەمەش بۆ ڕاھێنانی نەفسە لەسەر بەخشین لەوەی خوا پێی داون (رزقناکم)، تاوەکو لەلای ئاسان بێت.
یازدە : بەرلەوەی وادەی مەرگ بەرۆکتان بگرێت: (مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِيَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ)، لێرەدا (من) ھاتووە ، بۆ سەرەتاییەو ھەموو بۆشاییەک دەگرێتەوە، وە سوودی ئەوە دەگەیەنێ کەوا ھەموو چرکەیەک دەگونجێ ساتی مەگ و مردن بێت.
دوازدە: بەکارھێنانی کرداری: (یأتی)، ھاتنی ئەوشتە کەوا مەرگ و مردنە، زۆر بە سووک و ئاسانی دێت. ھەروەک (مفعول بە) پێش خستووە (أَحَدَكُمُ)، لەبەرئەوەی گرنگی و دەبێت جێی بایەخ بێت، چوون ھەریەک لە ئێمەی ئیماندار فرمان پێکراوو قەدەغە لێ کراوە (المأمور والمنهي).
سێزدە: بەکارھێنانی پیتی (الفاء) لە: (فَيَقُولَ)، بۆ (الترتیب و التعقیب)، ھەرکە ھەستی کرد وا مەرگ و مردن بۆی ھاتووەتە پێش دەستبەجێ: (فَيَقُولَ رَبِّ لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَىٰ أَجَلٍ قَرِيبٍ)، خوایە خۆزگە مردنی منت دوابخستایە بۆ ماوەیەکی نزیک.
چواردە: لابردنی پیتی (یا النداء) لە (یا رب)، ئاماژەیە بۆ شپرزەبوون و کەمی دەرفەت، وا مەرگی ھاتووەو بواری پێ نادات.
پازدە: ئاوڕدانەوە بۆلای خاوەنەکەی (رب)، تەنھا پەناگەیە، ھەر بەتەنھا ئەو سوود دەگەیەنێ و زیان دوور دەخاتەوە. دۆعاکانی قورئانی موبارەک بەم دەستەواژەیە (ربی ، ربنا) ھاتوون. جگە لەیەکجار ئەویش لەسەر زاری بێباوەڕانەوە وتراوە: (وَإِذْ قَالُواْ اللَّهُمَّ إِن كَانَ هَذَا هُوَ الْحَقَّ مِنْ عِندِكَ فَأَمْطِرْ عَلَيْنَا حِجَارَةً مِّنَ السَّمَاءِ أَوِ ائْتِنَا بِعَذَابٍ أَلِيمٍ/ الأنفال:٣٢). وە لە پاڕانەوەکەی پێغمبەر عیسی (علیە السلام)دا وشەی (ربنا)ی بەکاربردووە لەدوای (اللھم) وە : (قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ اللَّهُمَّ رَبَّنَا أَنزِلْ عَلَيْنَا مَائِدَةً مِّنَ السَّمَاءِ تَكُونُ لَنَا عِيداً لِّأَوَّلِنَا وَآخِرِنَا وَآيَةً مِّنكَ وَارْزُقْنَا وَأَنتَ خَيْرُ الرَّازِقِينَ/ المائدة: ١١٤).
شازدە: وشەی (لولا)ی بەکار ھێناوە کەبۆ خستنەڕوو، وە ھاندان (العرض والتحضيض) بەکار دەھێنرێت، وە ڕستەی دوای خۆی جێی خواستەو ئامانجە: (لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَىٰ أَجَلٍ قَرِيبٍ)، نەفسی خۆی دەردەخات (أَخَّرْتَنِي)، مردنی منت دوابخستایە بۆ ماوەیەکی نزیک. داواێکی ڕاستەو خۆیەو ئەگەر بێتەدی ئەوا : (فَأَصَّدَّقَ وَأَكُن مِّنَ الصَّالِحِينَ) جا ئەوەی تۆ پێت بەخشیوم لە (ھەرشتێ) بمبەخشیایە و لە چاکان بوومایە.
حەڤدە: قەت داوای وا وەرناگیرێ، یاسای خوایی جێگیرەو گۆڕانی بەسەردا ناێت: (وَلَن يُؤَخِّرَ اللَّهُ نَفْسًا إِذَا جَاءَ أَجَلُهَا)، ھەرگیز خوا ھیچ کەسێک دواناخات کە وەختی (مردنی) ھات، (وَاللَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ) وە خوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن.