ئیسلامیه‌كان به‌ چی سه‌رده‌كه‌ون و بۆ چی پاش ده‌كه‌ون؟

وروژاندی پرسیارو وشیاربون به‌ واقیع و رازی نه‌بون به‌ دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌كان له‌ نیشانه سه‌ره‌كیه‌كانی كاری ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌و خۆ لادان له‌و سروشته‌ سه‌رده‌میانه‌ی كار خۆ شاردنه‌وه‌یه‌ له‌ روداوه‌كان نه‌ك ئاراسته‌ كردنی روداوه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و دوو پرسیاره‌یه‌ بۆ ئیسلامیه‌كان به‌ گشتی و كاری ئیسلامی له‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی.
پرسیاری یه‌كه‌م: ئیسلامیه‌كان به‌ چی سه‌رده‌كه‌ون:
وه‌لامه‌كه‌ی زۆر به‌كورتی و به‌ ئاماژه‌دان به‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست:
- رێگه‌كانی سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو حزب و پیكهاته‌و ده‌زگاكان جۆرێك له‌ چوونیه‌كی و هاوبه‌شی هه‌یه‌و میكانیزمه‌ زانستیه‌كان باسی زۆر شێوازو هه‌نگاو ده‌كه‌ن، به‌لام راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌ گر هه‌یه‌ كه‌ كاری ئیسلامیه‌كان له‌سه‌روی هه‌موو ئه‌و میكانیزمانه‌وه‌ كه‌ عه‌قڵی مرۆیی و پێشكه‌وتنه‌كان پێی گه‌یشتون و پێی ده‌گه‌ن پێویستی به‌ هۆكاری ترهه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌سروشتی كارو‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌و ناكرێت فه‌رامۆش بكرێن و‌ ده‌رك نه‌كرێن‌، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ش ته‌نها په‌نابردن نیه‌ بۆ هۆكاره‌ مه‌عنه‌ویه‌كان به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ خواست و دیدگای زۆر قوڵتره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئایا سه‌نته‌ر و چه‌قی كاركردن له‌ لای ئیسلامیه‌كان چییه‌؟ ئایا ته‌نها بۆ ده‌ستكه‌وتی كاتی و خواسته‌ به‌رچاوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ یاخود دیدگای كاركردن سنوره‌كه‌ی نه‌به‌ستراوه‌ به‌و ده‌ستكه‌وت و ئامانجه‌ به‌رچاوانه‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئامانجه‌ به‌رچاوه‌كان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت
- كاركردن له‌ پرۆژه‌یه‌كی ئیسلامیدا كاركردن نیه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خصی و له‌و پێناوه‌شدا كێبه‌ركێی ناشه‌ریفانه‌و ملشكاندنی یه‌كتری و تێكشاندنی ئه‌وانی تر ببنه‌ هۆكاری سه‌ركه‌وتن و هه‌ركه‌س به‌م كاره‌ هه‌ستێت رون و جوان پێوه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌واو سلبی و پێچه‌وانه‌ ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ریدا و نه‌ك هه‌ر ده‌ستی ناكه‌وێت به‌لكو زیاتر ده‌یهێنێته‌ دواوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ زۆر زیره‌ك و لێزانانه‌و راهێنان بكات بۆ شاردنه‌وه‌ی حه‌زه‌ ده‌رونیه‌كه‌ی و ماوه‌یه‌ك بتوانێت قه‌ناعه‌ت دروست بكات بۆ ده‌روبه‌ره‌كه‌ی كه‌ شایه‌نه‌و به‌ توانایه‌ یاخود به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك هه‌وادارو ده‌روێش كه‌مه‌ند كێش بكات ئه‌وا گومانی تیانییه‌ ئه‌و به‌رگ و خۆنمایشكردنه‌ به‌رگه‌ی زۆر ناگرێت و هه‌م به‌ تێپه‌ربونی كات مه‌عده‌نه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌م ده‌روێشه‌كانیش راستیه‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و ته‌وبه‌ ده‌كه‌ن.
- پاڵتنه‌ری كار له‌ ناو ئیسلامیه‌كاندا به‌ مادده‌و بڕی پاره‌و ده‌ستكه‌وتی دونیایی نییه‌و هه‌ركه‌سێك پشت به‌وه‌ ببه‌ستێت یاخود به‌و پاڵنه‌ره‌ هانی ئه‌وانی تر بدات بۆ كار ئه‌وا توشی هه‌له‌یه‌كی كوشنده‌ ده‌بێت و زۆر زوو كۆڵ ده‌دات و به‌ مه‌رام و ئامانجه‌ ماددیه‌كانی ناگات، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هیچ به‌رامبه‌رێكی مادی وه‌رنه‌گیرێت و ره‌چاوی دابینكردنی لانی كه‌می پێداویستیه‌كان نه‌كه‌رێته‌وه‌، به‌لكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ لێره‌دا پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌یه‌ بۆ كاری حزبی له‌ ناو ئیسلامیه‌كاندا كه‌ خۆ ده‌وله‌مه‌ند كردن بێت، هه‌ر كه‌س به‌و شێوه‌یه‌ بیری كردبێته‌وه‌و ئه‌وانی تریشی فێری ئه‌وه‌ كردبێت ئه‌وه‌ بێگومان هه‌ڵه‌یه‌و ره‌وتێكی هه‌ڵه‌و نادروستی هه‌ڵبژاردوه‌و ناتوانێت به‌رده‌وام بێت و به‌رده‌وام له‌ گله‌یی و بۆڵه‌ ناكه‌وێت و هه‌موو جوله‌و كاره‌كان و به‌ ماددیات ده‌پێوێت و ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ خۆی بكات بۆچی پله‌ به‌ندی هه‌یه‌و یه‌كێك زۆرتره‌و یه‌كێكی تر كه‌متر و به‌ ناوی عه‌داله‌ته‌وه‌ سه‌ر له‌خۆی و ئه‌وانی تریش ده‌شێوێنێت، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ دوباره‌ ئه‌و راستیه‌ بڵێین كه‌ په‌یره‌وكردنی عه‌داله‌ت له‌ ناو كاری ئیسلامیدا زۆر گرنگه‌و نابێت به‌ هیچ پاساوێك فه‌رامۆش بكرێت و ده‌بێت به‌ شه‌فافی له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ری زانستی و واقیعی و دور له‌ حه‌یف و مه‌یل كاره‌كان رێك بخرێت.
- متمانه‌ و باوه‌ربون به‌ دلسۆزی و خه‌موخۆری یه‌كتری ئه‌صلی كاری ئیسلامیه‌كانه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانی تر كه‌ ئه‌صل گومانه‌ به‌ یه‌كتر، كاری ئیسلامی كه‌ ره‌چاوی ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ی كرد، راسته‌وخۆ متمانه‌ به‌ سه‌ركرده‌ و به‌ بریارو به‌عه‌قلی یه‌كتری دێته‌ ئاراوه‌و زۆر به‌ ئاسانی جیاوازیه‌كان له‌ دیدگاو بۆچون به‌ قازانجی گشتی ده‌شكێته‌وه‌و نابىته‌ ناكوكی شه‌خصی و ململانی ناره‌واو په‌رچه‌كردار به‌رامبه‌ر یه‌كتریو شكاندنی یه‌كتری له‌به‌ر جیاوازبون، وه‌ ئه‌و جیاوازیانه‌ تیگه‌یشتن بۆ هه‌موان زیاتر ده‌كات و تواناكان ئاراسته‌ی ئامانجه‌ گه‌وره‌كان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو تواناكان خه‌رج بكرێت له‌ پێناو پاراستنی متمانه‌و پته‌وكردنی و هه‌ركه‌س كار بۆ له‌كه‌داركردنی ئه‌و متمانه‌یه‌ بكات به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌وه‌ هیچ گومانی تیا نیه‌ كه‌ ئاودێری كارێك ده‌كات كه‌ خۆى ده‌بێته‌ قوربانی یه‌كه‌می ئه‌و تاوانه‌ی، پێویسته‌ هه‌رچی ده‌گوزه‌رێت و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرىت و جیاوازی دروست ده‌بێت له‌سه‌ری له‌ چوارچێوه‌ی خۆیدا و به‌ میكانیزم و ئه‌ده‌بیاتی تایبه‌ت به‌ ره‌وشتی ئیسلامی چاره‌سه‌ر بكرێت و ده‌هۆڵی بۆ نه‌كوترێت له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كان و هه‌موو پرۆسه‌كه‌و پرۆژه‌كه‌ نه‌كرێته‌ قوربانی حه‌زو ویستێكی كه‌سیی و ته‌سلیم نه‌بون به‌ رای زۆرینه‌و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئیدعایانه‌ی كه‌ ده‌كرێت بۆ دیموكراسی بون، هه‌مومان ده‌زانین مه‌رج نییه‌ هه‌موو بریاره‌كان به‌ كۆی ده‌نگ بێت، به‌ڵكو باسی زۆرینه‌یه‌ به‌لام پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان نه‌داوه‌و رازی نه‌بون به‌ بریاره‌كه نه‌كه‌ونه‌ مزایه‌ده‌و خۆهه‌لێكێشان و باسكردنی را جیاوازه‌كه‌یان، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م حاله‌ته‌ بۆ غه‌یری ئیسلامیه‌كان به‌ هۆی كوتله‌و باڵ باڵێنه‌وه‌ سودی لێوه‌ربگرن، به‌لام له‌ ناو ئیسلامیه‌كاندا گه‌وره‌ترین زیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ هۆكارن و پابه‌ند نین به‌و پره‌نسپه‌وه‌و لائه‌ده‌ن یه‌كه‌م تاوانبارن و یه‌كه‌م زه‌ره‌رمه‌ندیشن، چاره‌سه‌ری لاوازبونی متمانه‌ش به‌ سه‌ركردایه‌تی كارو گێرانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی قیادی له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ مجامه‌له‌و چاوپۆشی نه‌كرێت له‌و جۆره‌ لادان و هه‌ڵه‌و گرێ و گرفتانه‌و حزبێك و پرۆژه‌یه‌ك نه‌كرێته‌ قوربانی كه‌سێك، بونی ئیجرائاتی لائیحی و راسته‌وخۆ دوای هه‌ر لادانێك زامنی پاراستنی هێزی پرۆژه‌كه‌یه‌. ‌
پرسیاری دووه‌م : بۆچی پاش ده‌كه‌ون له‌ به‌شی دوه‌مدایه‌ چاوه‌روان بن