تا نەبین بە کای بەر با!

لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەگشی تاوانی کۆمەڵایەتی (بەتایبەت کوشتن و خۆکوشتن)، هەم لەڕووی چەندایەتیەوە بەشێوەیەکی زەق بەرز بوەتەوە، هەم لەڕووی چۆنایەتیشەوە جۆری تاوانەکان جێگەی ترس و تێڕامانن، کە جگە لە تاوانەکانی تۆڵەکردنەوەی عەشایری، دوو خەسڵەت تێیاندا هاوبەشە:
یەکەم، زۆر لە تاوانەکان بەرانبەر خزمی پلەیەک دەکرێن، وەک باوک، دایک، خوشک و برا، کوڕ و کچ، لەکاتێکدا واباوە بازنەی خێزان ناوچەی سەوزە و روودانی تاوان لەناو ئەندامانیدا دەگمەنە. هەندێ جار شێوەی ئەنجامدانی تاوانەکانیش زۆر جەرگبڕن..
ئەم زیادەڕەوییە لە دڕندەییدا لە زۆر لە تاوانەکانی دەرەوەی ئەو بازنەیەیشدا دەبینرێ، وەک تاوانی کوشتنی کچۆڵە دەساڵانەکەی دهۆک لەلایەن پیاوێکی ٤۷ ساڵانەوە، یان شێوەی خنکاندنی تاریقی بەقاڵ لەلایەن باندە مافیاکەی سلێمانییەوە..
دووەم: بێبایەخیی هۆ و پاڵنەری تاوانەکە، وەک ئەوەی کەسێ، لەسەر لێدانی فوول لایت یەکێکیتر دەکوژێ، یەکێکیتر منداڵێ دەکوژێ لەسەر ئەوەی تۆپەڵێ بەفری لە مۆنیکاکەی داوە، یەکێتر لەسەر سەرچۆپیگرتن یەکێک و دووان دەکوژێ، یەکێکیتر لەسەر سووکە بەریەککەوتنی ئۆتۆمبێل بەپێنج فیشەک شۆفێری بەرانبەر سارد دەکاتەوە، وەک دوێنێ لە هەولێر رووی دا، یەکێتر لەسەر ۲٥۰ هەزار قەرز یەکێ دەکوژێ..
کەم رۆژ هەیە روودانی تاوانێکی دڵتەزێنی کۆمەڵایەتی لە کوردستان نەبیستین، تاوانەکان ئەوەندە زۆرن خەریکە پۆلیس و ئاسایش فریای بەدواداچوونیان نەکەون.. ساڵی پار بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر راشکاوانە وتی: ئەوەندە تاوانبار گیراون خەریکە لە بەندیخانەکاندا جێیان نەبێتەوە!!
ئەو خەڵکە بۆ وا سەرعی بووە و لە تاوانکردندا وا بێباک و چاوقایم بووە؟.
قسە زۆرە بکرێ لەسەر هۆکانی ئەو پەرەسەندنە ترسناکەی رێژە و جۆری تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و رێوشوێنە پەروەردەیی و ئەمنی و یاساییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کێشەکە،.. بەڵام ئەوەی بۆ هەموولا گرنگە، دەرککردنە بەمەترسیی گەورەی ئەو دۆخە، بەتایبەت لەلایەن دەسەڵاتەوە، کە رەنگە زۆر لە تیرۆر و قەیرانی دارایی مەترسیدارتر بێ، چونکە ئەم لەناوەوە وەک خۆرە دەداتە جەستەی کۆمەڵگەو دایدەڕزێنێ. ئەوکاتە دەکرێ لەدوورەوە قنج و قیت بکەوینە بەرچاوی ئەم و ئەو، بەڵام لەڕاستیدا کورد وتەنی: لەدەرەوە قووچی لەناوەوە پووچ دەبین!
ئەگەر سەرباری دەیان کارەسات تائێستا بەپێوە خۆمان راگرتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا ناوەوەمان دانەڕزاوە، کە ناوەوە داڕزا، بەدڵنیاییەوە بەرگەی زەبرەکانی دەرەوەیش ناگرین و دەبینە کای بەر با!!