قۆناغەكانی گەشەكردن و پاشەكشەی "یەكگرتوو" لە (25) ساڵی تەمەنیدا، هۆكــــارو چـــــــــــارەســـــەر

پێشەكی...

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە 25 ساڵی تەمەنیدا، وەك حیزبێكی سیاسی ئیسلامی میانەرەو لە ساحەی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستاندا، بە چەندین قۆناغ و وێستگەدا تێپەریكردووە و حاڵەتی گەشەكردن و پاشەكشەی بە خۆوە دیوە.
گومانیش لەوەدا نیە كە خاڵە بەهێزە زاتیەكانی یەكگرتوو رۆڵی گەورەو كاریگەریان هەبووە لە سەر گەشەكردن و بەرەو پێشچوونی بە شێوەیەكی چاوەروان نەكراو تەنانەت لای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی بە تایبەتی لە ساڵانی سەرەتای راگەیاندنیدا، بەڵام توێژینەوەو خوێندنەوەی بابەتیانە بۆ هۆكارەكانی گەشەكردنی یەكگرتوو یان پاشەكشەكردنی لە هەندێ‌ قۆناغدا، ئەو راستی یە دەردەخەن كە یەكگرتوو لە ماوەی 25 ساڵی تەمەنیدا ، تا رادەیەكی باش توانیویەتی پارێزگاری لە خاڵە بەهێزە زاتیەكانی خۆی بكات. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو هۆكارانەی كە زیاتر رۆڵ و كاریگەریان هەبووە لە سەر پاشەكشەكردن، بە پلەی یەكەم دەگەرێتەوە بۆ هۆكارە بابەتیەكان و ئەو هەل و مەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتیەی لە وێستگە جیاوازەكاندا ڕویكردۆتە هەرێمی كوردستان بە گشتی و حاڵەتی ساسی هەرێم بە تایبەتی لە ئاكامی ئەو هۆكارو گۆڕانكاریانەدا، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە چەند قۆناغێك دا تێپەریكردووە لە حاڵەتی گەشەكردن و فراوان بوون یان پاشەكشەكردن و لاوازبوون وەك لەم شیكردنەوەیەدا بە كورتی و بە شێوەیەكی گشتی دەستنیشانی هۆكارە سەرەكیەكان دەكەین:

• قۆناغی یەكەم: قۆناغی گەشەكردن 1994 – 1999:
ئاشكرایە كە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەر لە سەرەتای راگەیاندنیەوە، وەك هێزێكی تازە نەفەس بە رێكخستنێكی تۆكمەو پەیامدارو خاوەنی گوتارێكی ئیسلامی میانەڕەو و مەدەنیانە، بە گوڕو تینێكی بەهێزەوە هاتە ناو ساحەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستانەوە.. بەڵام گومان لەوەدا نیە كە وێڕای هۆكارە زاتیە بەهێزەكانی خۆی، هاوزەمان هۆكارە بابەتیەكان و بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە هەل و مەرجێك دا بوو كە یەكگرتوو بوویە پێویستیەكی گرنگی قۆناغەكەو پڕكەرەوەی بۆشاییەكی گەورە بۆ حاڵەتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكەی قۆناغەكەو بە هۆیەوە یەكگرتوو لە ماوەیەكی پێوانەییداو بە شێوەیەكی چاوەڕاون نەكراو بوویە خاوەنی بنكەی رێكخستن و پێگەی جەماوەری خۆی .. وەك ئاژەمان پێكرد هۆكارەكانی ئەوگەشەكردنە خێرایە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هۆكارە بابەتیەكان و هەل و مەرجی سیاسی و ئابووری ئەو رۆژگارە وەك لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:
یەكەم: لە سەروبەرندی راگەیاندنی یەكگرتوودا ، تەنها هێزی ئیسلامی كە ساحە جەماوەرییەكی هاوبەشی هەبێت لەگەڵ یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بوو، ئەوەبوو لە كۆتاییەكانی ساڵی 1993 داو پێش راگەیاندنی یەكگرتوو بە چەند مانگێك ، بزوتنەوەی ئیسلامی رووبەرووی پێكدادانێكی سەربازی سەرتاسەری و دژوار بوویەوە لەگەڵ هێزەكانی سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بە هۆیەوە دوچاری شكستێكی سەربازی و سیاسی گەورە بوویەوە و تا ڕادەیەكی بەرچاو بەراوێز بوو بوو, بەو هۆیەوە ساحە جەماوەریە ئیسلامیەكەی كوردستان یەك لا بووبویەوە بۆ یەكگرتوو كە توانی بەشێوەیەكی سەرنج ڕاكێش ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە..
دووەم: ململانێی پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزە سەرەكیەكەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم , هەر لەو ماوەیەدا بە شێوەیەكی ترسناك گرژی و ئاڵۆزی رووی تێكردو شەری نەگریسی ناوخۆیی لێكەوتەوەو مەترسی گەورەیان بۆ چارەنووسی ئەزموونە سیاسیە تازە دروستبووەكەی گەڵەكەمان دروست كردو چەندین كارەسات و دەرهاوێشتەی نەخوازراوی بەدوای خۆیدا هێناو بووە هۆی توڕەییەكی زۆری جەماوەر لە هەردوو هێزەكەو نائومێدبوون لێیان, یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەو هەڵومەرجەدا ئەو هێزە سیاسیە میانڕەوە مەدەنیە خزمەتگۆزارە بوو كە توانی تا ڕادەیەكی باش ئومێد و متمانە بگەرێنێتەوە بۆ جەماوەری كوردستان و ببێتە پەناگەیەكی ئارامبەخش بۆ بەشێكی باش لە خەڵكی كوردستان بە تایبەتی توێژی لاوان و قوتابیان.
سێیەم: هەر لەو ساڵانەدا مەعلومی هەموو لایەكەٍ كە بەهۆی كاریگەری گەماروی ئابووری و ئاسەوارە وێرانكاریەكانی رژێمی بەعس، بارۆدۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستانی لە ئاستێكی زۆر دژوار و خراپدا بوو , پێویستی بە هاوكاری مرۆیی و خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكان هەبوو.
لەو هەل و مەرجەدا یەكگرتوو لە ڕێگای رێكخراوە خێرخوازیە ئیسلامیەكانەوە بەتایبەتی رابیتەی ئیسلامی و كەسایەتیە ئیسلامیە دڵسۆزەكانی لە دەرەوەی كوردستان, توانی خزمەتێكی بەرچاو پێشكەش بە گەلەكەمان و بە خەڵكی كوردستان بكات و بەشێك لەو داڕمانەی كە پاشماوەی كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیاباران بوو، یان دەرهاوێشتەی ململانێ و شەڕی ناوخۆیی و كارەساتباری نێوان هێزە كوردیەكانی خۆمان بوو ، یەكگرتوو توانی زۆڕێك لەو ئاسەوارە نەخوازراوانە ساڕێژ بكات و بویە فریاد ڕەسێك بۆ خەڵكی كوردستان.
دەرەنجامی مامەڵەكردنی دروستی یەكگرتوو لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا كە هەمووی خزمەت بوو بە خەڵكی كوردستان بە گشتی، یەكگرتوو بەخێرایی لەسەرتاسەری كوردستاندا گەشەی كردو بوو بە خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری بەرچاو و جێگای ئومێدی بەشێكی باش لە خەڵكی كوردستان ...

ئەو هەلومەرجە بەبێ ئەوەی گۆڕانێكی گەورەی بەسەردا بێت بەردەوام بوو تاكۆتاییەكانی ساڵی (1998) كاتێك ڕێكەوتنامەی واشنتۆن بۆ ئاگر بەست لە (17 / 9 / 1998) لەنێوان كەسی یەكەمی هەردوو هێزە سەرەكیەكەی هەرێم دا مۆركرا بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

• قۆناغی دووەم: قۆناغی ڕاوەستان 1999 – 2005 هۆكارەكانی ڕاوەستانی گەشەكردنی یەكگرتوو:
یەكەم: دوا بەدوای ڕێكەوتنی واشنتۆن و ڕاوەستانی شەڕی ناوخۆ، پارتی و یەكێتی دەست بەتاڵ بوون بۆ جۆرێك لەخۆڕێكخستنەوە و جەموجۆر كردنی كاروباری خۆیان ، هاوكات سنوردانان بۆ گەشەكردنی زیاتری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەر كام لە زۆنی ژێردەسەڵاتی خۆیدا، بەتایبەتی دوای دەركەوتنی ئەو گەشەكردنە فراوانە لە هەڵبژاردنەكانی ڕێكخراوەكانی قوتابیان و خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆو پەیمانگاكان و تۆماركردنی رێژەیەكی بەرچاو لە لایەن نوێنەرانی قوتابیانی سەر بە یەكگرتوو، هەروەك لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانیەكانیشدا نوێنەرانی یەكگرتوو لە هەردوو دەڤەری زەردو سەوز بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی قوتابیان وەك حیزبی دووەم كەوتنە بەرچاو. بۆ رێگرتن لە گەشەی زیاتری یەكگرتوو جۆرەها فشارو سنوردانان بەرامبەر كارو چالاكیەكانی یەكگرتوو بەرنامەرێژی بۆ كراو دەزگا ئەمنیەكانی هەردولا بە پلەی جیاواز درێغیان نەكرد لە سنوردانان و بەرتەسكردنەوەی بوار بۆ كارو چالاكیەكانی یەكگرتوو لە گشت بوارەكاندا.
دووەم: هەر لەو قۆناغەدا بزوتنەوەی ئیسلامیش بە شێوەیەك لە شێوەكان گەڕایەوە ناو گۆڕپانەكەو هاوكات بزوتنەوەی راپەرینیش راگەنراو پاشان پێكەوە لە پرۆسەیەكی یەكگرتندا بزوتنەوەی یەكبونی ئیسلامیان راگەیاند.. ئەگەرچی ئەو پرۆسەی یەكگرتنە سەركەوتنی بە دەست نەهێناو زۆری نەخایاند لێكهەڵوەشایەوەو چەند گروپێكی توندەڕەویان لێ‌ جیا بوویەوە، ناوچەكانی هەڵەبجەو هەورامانیان رووبەرووی تەنگژەو ڕوداوی كارەساتبار كردەوە، بەڵام سەرەنجام بزوتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كە لە ساڵی 2002لە بزوتنەوە جیا بوویەوە وەك دووبەشی سەرەكی بزاڤە چەكداریە ئیسلامیەكەی كوردستان مانەوەو بوون بە خاوەنی بەشێكی باش لە جەماوەرە ئیسلامیەكەی كوردستان، واتە گۆرەپانەكە هاوشێوەی سەرەتای راگەیاندن یەكلانەبووبوویەوە بۆ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان .
سێیەم: هەر لەو ساڵانەدا بە تایبەتی دوای روخانی رژێمی بەعس لە بەغدا لە لایەن ئەمریكاو هاوپەیمانیەكانەوە لە بەهاری 2003 داو دروستبوونی مەجلیسی حوكم لە بەغدا، یەكگرتوو دەروازیەكی گەورەی بە روودا كرایەوە لە سەر ئاستی عێراق، چونكە وەك هاوشانی پارتی و یەكێتی و بەڕێزان مام جلال و كاك مسعود بەڕێز مامۆستا صلاح الدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بوو بە ئەندامی ئەو مەجلیسەو دواتریش یەكگرتوو لە چەند كابینەیەكی حكومەتی عێراق بەشداریكرد، بەڵام مەخابن یەكگرتوو نەیتوانی وەك پێویست و چاوەرانكراو سودی گەورە لەو دەرفەتە وەربگرێت، ئەگەرچی وەك هێزی سیاسی پلە سێی كوردی لە دوای پارتی و یەكێتی درێژەیدا بە بوون و بەشداربوونی لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە بەغدا.
ئەو هۆكارانەی سەرەوە كاریگەری بەرچاویان هەبوو لە سەر راوەستانی گەشەكردنی یەكگرتوو كە بەردەوام بوو تا ساڵی 2005 و یەكخستنەوەی دوو ئیدارەكەی هەرێم.

• قۆناغی سێیەم: قۆناغی پاشكشە 2005 – 2018:

هۆكارەكانی پاشەكشە:
یەكەم: لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای 2005 بە دواوەو یەكخستنەوەی دوو ئیدارەیەكەی حكومەتی هەرێم، ساحەی سیاسی كوردستان پێویستی بە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا هەبوو كە بتوانێت گوزارشت لە خەمەكانی جەماوەر بكات و فشار لە سەر دوو لایەنەكەی دەسەڵاتی هەرێم دروست بكات بۆ بە دەمەوەچوونی خواستەكانی خەڵك و رێگریكردن لە گەندەڵی بێ سنورو بەدیهێنانی ئاستێكی گونجاو لە شەفافیەت لە چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتی گشتی دا ئەو هێزەی كە چاوەرانی ئەو ئەركە سیاسیە نیشتمانیە گرنگەی لێدەكرا، بێگومان یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بوو، بەڵام مەخابن ئێمە وەك سەركردایەتی یەكگرتوو نەماتوانی بەو ئەركە پێویستەی ئەو قۆناغە هەڵسین و ئەو بۆشاییە پڕ بكەینەوە. لە بری ئەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دوو حیزبەكەدا بە (9) كورسی پەرلەمانی كوردستان رازی بووین. دواتر هەستمان بەوە كرد كە جەماوەرمان لە دەستداوەو پاشەكشەمان كردوە، بۆ قەرەبووكردنەەوی ئەو پاشەكشەیە، لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە لە 15/12/2005دا ئەنجامدرا، یەكگرتوو بڕیاریدا بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری بكات و نەبێتە بەشێك لە هاوپەیمانێتی كوردستانی كە پارتی و یەكێتی سەركردایەتیان دەكردو دروشمی لە پێناو دەستە بەركردنی خزمەتگوزاریەكان و بنەبڕ كردنی گەندەڵیمان بەرزكردەوە. لە ئاكامی ئەو هەڵوێستەدا ئەوەبوو بارەگاكانی یەكگرتوو لە دەڤەری بادینان كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری رێكخستنەكانی پارتی و كارەساتی خوێناوی لێكەوتەوە.
ئەو رووداوانە ئەگەرچی لە و دەمەدا كاریگەری ئەوتۆی نەبوولە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ یەكگرتوو، بەڵام لە ساڵانی دواتردا دەرهاویشتەی نەخوازراوی دروست كرد لە سەر بڕیاری سیاسی یەكگرتوو لە وێستگە سیاسیە هەستیاریەكاندا.
دووەم: لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە لە تەموزی 2009 د1 ئەنجام درا ئەوەبوو یەكگرتوو لە چوارچێوەی لیستی چوار حزبەكەدا لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشان بەشداری هەڵبژاردنەكەی كرد ، بەڵام ئەو پڕۆژەیە هاوزەمان بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بە گوتارێكی رادیكالانەی توندو دژ بە دەسەڵات توانی جەماوەرێكی زۆر بە لای خۆیدا رابكێشێت و بوویە هۆی پاشەكشەیەكی چاوەراون نەكراو بۆ لیستی چوار حیزبەكە بە گشتی و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە تاییەتی كە تەنها 6 كورسی بۆ مایەوە.
سێیەم: هەر لەو سالانەدا بە هۆی رێژەی 17/ی داهاتی نەوتی عێراق كە بۆ هەرێم تەرخانكرابوو لە چوارچێوەی بودجەی گشتی عێراق پارەیەكی زۆر و بێ شمار هاتە بەردەستی دوو حیزبە حكومڕانەكەی هەرێم و تا رادەیەكی بەرچاو باری ئابوری خەڵكی كوردستان روو لە باش بوون چوو، ئەگەرچی گەندەڵی و بە هەدەردانی داهاتی گشتی و ئیدارەی خراپ ، هەموو سنورێكی بەزاند، بەڵام بە هۆی ئەو هەل و مەرجە نوێ یەوە گۆرانكاری گەورە روویكردە كۆمەڵگەی كوردستانی.
وەك ساڵانی نەوەدەكانی دوای راپەرین خەڵك پێویستی بە هاوكاری رێكخراوە خێرخوازیەكان نەمابوو.. یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش لەو بوارەدا ئەو تواناو ئیمكاناتە داراییەی ساڵانی نەوەدەكانی بە دەستەوە نەمابوو.. ئەوەش هۆكارێكی تر بوو كە بوویە هۆی لاواز بوونی كارو چالاكیەكانی یەكگرتوو لە ناو كۆمەڵگەی كوردستانی دا لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكاندا.
چوارەم: یەكێكی تر لە هۆكارەكانی پاشەكشەی یەكگرتوو هەر لەو سالانەدا، پەیوەستە بە شێوازی بەشداربوونی لە حكومەت دوای یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەكە بە تایبەتی كابینەكانی پێنجەم و هەشتەم، ئەوەبوو كە یەكگرتوو نەیتوانی نمونەیەكی دڵخۆشكەر و سەركەوتوو و كاریگەر لە سەر چاكسازی بۆ جەماوەری كوردستان پێشكەش بكات.. هەر لەو میانەدا بە داخەوە ژمارەیەك لە كاراكتەرە حكومیەكانی یەكگرتوو لە سەر ئاستی هەرێم و بەغدا، بە شێوەیەك لە شێوەكان لە یەكگرتوو دووركەوتنەوەو بوونە نمونەیەكی نەخوازراو لای جەماوەر بە گشتی و رێكخستنەكانی یەكگرتوو بە تایبەتی.
هەموو ئەو هۆكارانەی سەرەوە جگە لە هەوڵەكانی دەسەڵات بۆ تەزویركردنی رێژەی دەنگدەران و گۆڕینی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان، بوو بە هۆی ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە هێزی پلە سێ وە لە دوای پارتی و یەكێتی، بوو بە هێزی پلە شەش لە هەردوو هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی كورسیەكانی بوونە نیوەی ژمارەی خولەكانی رابردوو. ئەوەش لە راستیدا پاشەكشەیەكی گەورە بوو بۆ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و پێویستی بە لە سەر وەستان و بەخۆداچوونەوەی راستەقینە هەبوو بە مەبەستی چارەسەركردنی خاڵە لاوازەكان و بەرنامەڕێژی بۆ هەڵسانەوە.

قۆناغی چارەسەرو هەڵسانەوە
لە دەرەنجامی ئەو پاشەكشەیەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد، جۆرێك لە شلەژان و نائومێدیەكی نەخوازراو دوچاری ناوخۆی حیزب بوویەوە بەو هۆیەوە لە كوبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی ساڵانەدا كە لە 25/10/2018 ساز كرا لە ناوەندی شاری دهۆك، بڕیار درا كە پلان و بەرنامەیەك دابڕێژرێت بۆ بە خۆداچوونەوەو هەڵسانەوەو تێپەراندنی هۆكارو دەرهاویشتەكانی ئەو پاشەكشەیە، هەر لەو میانەدا پشتیوانیەكی بەهێز راگەیەنرا بۆ هەڵوێستی ئپۆزسیۆن بوون و بەشدارینەكردن لە حكومەت بە لانی كەم لەم خولەدا..
هەروەك داواكرا كە گرێدانی كۆنگرەی داهاتوو بۆ ماوەی (6) مانگ پێش بخرێت، وێرای جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی چڕوپڕی ناوخۆییی لە لایەن سەركردایەتیەوە بە مەبەستی هێور كردنەوەی باری شلەژانی رێكخستنەكان و گەراندنەوەی متمانەو سەقامگیری بۆ ناوخۆیی حیزب وەك پێشەكیەك و زەمینەی سازكردنێك بۆ گرێدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو و كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم ساڵی 2019دا ئەنجام بدرێت.
ئێستا كە لە دەسپێكی ئامادەكاریەكانین بۆ گرێدانی كۆنگرەی هەشتەم، واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی بەرچاو گۆرانكاری بە سەر داهاتووەو هۆكارە بابەتیەكان و ئەو هەل و مەرجەی كاریگەری گەورەیان هەبووە لە سەر پاشەكشە كردنی یەكگرتوو، دەكرێ‌ بڵێین تا ئاستێكی بەرچاو لە بەرژەوەندی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان گۆڕانكاریان بە سەر داهاتووەو یەكگرتووەكان دەتوانن ئەو واقیعە نوێیەی هاتۆتە پێش، بیكەنە پێشەكیەكی باش بۆ هەڵسانەوەو خۆ بەهێز كردنەوە.. گرنگترین ئەو هۆكارو گۆرانكاریانە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا روون دەكەینەوە:
یەكەم: شەری ساردو ململانێ‌ ی نادروستی نێوان پارتی و یەكێتی لە ماوەی رابردووداو بە دیاریكراوی لە دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری/ 2017 بە دواوە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پێی ناوەتە دۆخێكی دژوار و ترسناكەوەو بەو هۆیەوە زیاتر لە (8) مانگ تێپەڕیوە بە سەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30/9/2018 ەوە هێشتا نەیانتوانیوە كابینەی حكومەت پێكبهێنن ئەوەش كاریگەری گەورەی هەیە لە سەر بێزاربوون و تووڕە بوونی جەماوەرو خەڵكی كوردستان بە گشتی لەو دوو حیزبە و لاواز بوونی هەرچی زیاتری متمانەو ئومێدی خەڵك بە ئەنجامدانی هەر چاكساز یەكی راستەقینەو باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان.
دووەم: لایەنە سیاسیەكانی تری دەرەوەی پارتی و یەكێتی كە لە چەند ساڵی رابردوو دا كاریگەری گەورەیان هەبوو لە سەر بەرتەسك كردنەوەی ئاستی جەماوەری یەكگرتوو ئێستا ئەوانیش دوچاری جۆرێك لە پاشەكشە بوونەتەوە، بە هۆی لاوازی هەڵوێست و دەستەبەرداربوون لە پرەنسیپەكانی خۆیان متمانەی جەماوەریان زۆر هاتۆتە خوارەوەو كێشەی ناوخۆیی ترسناك رووی تێكردوون، بە پێچەوانەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە كە هەر زوو پێشوەخت راشكاوانە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاندو بە شێوەیەكی هاوسەنگ مامەڵەی لەگەڵ واقیعە سیاسیەكەدا دەكات.
سێیەم: كۆمەڵگەی كوردستانی لە ژێر كاریگەرێتی تەكنەلۆژیای سەردەم و لایەنە نەخوازروەكانی بە جیهانبوون و هاوكات بە هۆی سیاسەتە نادروستەكانی دەسەڵاتی كوردی و گەندەڵی و ناعەدالەتی بێ سنور ، چەندین دیاردەی نامۆو ترسناك روویكردۆتە كۆمەڵگە بە گشتی و توێژی لاوان و نەوەی نوێ‌ بە تایبەتی.
لەم بوارانەدا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان تاكە هێزە كە خاوەنی پرۆژەیەكی چاكسازی كۆمەڵایەتی و سیاسیەو بە هۆیەوە دەتوانێت رووبەرووی ئەو تەحەدیاتەو ئاسەوارە نەخوازراوەكانی ببێتەوەو ببێتە فریادرەسێك بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی و رێگا بگرێت لە دەرەنجامە خراپ و وێرانكاریەكانی ئەو دیاردە نامۆیانە.
چوارەم: لەم كۆنگرەدا زۆر گرنگە كە بەخۆداچونەوە و خۆنوێكردنەوەی پێویست و ڕیشەیی ئەنجام بدرێت و كاری سیاسی و بانگەواز بەتەواوەتی بەدامەزراوەیی بكرێت هاوكات گوتار و سیاسیەتێكی هاوسەنگ و ڕۆشن تەبەننی بكرێت بۆ بەرگریكردن لەداخوازیەكانی خەڵك ، بەشێوەیەك یەكگرتوو ببێتە هێزی پێشەنگ و داكۆكیكار لەخەمەكانی جەماوەر، هەروەك پێویستە لەگەڵ ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، سەركردایەتی و كادری قیادی حزب بگەنە لێك تێگەیشتنێكی هاوبەش لە بارەی دیدگاو ستراتیژیەتێكی دروست و دوور مەوادا بۆماوەی (10)ساڵی داهاتوو و بە لە بەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:-
1- ئەنجام دانی چاكسازی و گۆڕانكاری ناوخۆیی بەشێوەیەكی ڕیشەیی و ڕاستەقینە نەك خۆسەرقاڵكردن بەهەندێ مەسەلەی ڕواڵەتی و شەكلیەوە.
2- ڕێككەوتن لەسەر بنەماو نەگۆڕە فكریەكان كەهۆكارێكی بەهێزە بۆ سەقامگیری ناوخۆیی و پارێزگاریكردن لەشوناسی حزب و هاوكات دەروازەی سەرەكیە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵسانەوە.
3- بەدامەزراوەیی كردنی هەردوو بوارە سەرەكیەكەی حزب واتا بانگەواز و سیاسەت لەسەر بنەمای (الفصل الوڤیفی) كەهەر سێ ڕەهەندی دامەزراوە و كادرو پسپۆڕێتی دەگرێتەوە.
4- جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی پڕۆژەیەكی كۆمەڵایەتی سیاسیی درێژ خایەنە، واتە چاكسازی كۆمەڵایەتی دەكاتە پێش مەرج و پێشەكی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی ڕاستەقینە، دیارە ئەوە دەخوازێت كەیەكگرتوو چالاكیەكانی بەپلەی یەكەم ئاڕاستەی كۆمەڵگە بكات بە تایبەتی لەم خولەدا.
5- پارێزگاریكردن لەسەقامگیری و بەهێز ڕاگرتنی ڕێكخستن كەهەمیشە خاڵی هێز و جیاكەرەوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە.
6- جەختكردنەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی كەیەكگرتوو وەك هێزێكی ئیسلامی میانڕەو ، ئاشكرایە كەسوودی گەورەی وەرگرتووە لە قوتابخانەی میانڕەوی ئیسلامی هاوچەرخ ، بەڵام یەكگرتوو حزبێكی كوردستانی سەربەخۆیە و بەشێك نیە لەهیچ پڕۆژەیەك لەدەرەوەی سنورەكانی هەرێمی كوردستان...
لەگشت حاڵەتێك دا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای (25)ساڵ لەكارو خەباتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و بەشداربون لەحكومەت لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، ئێستا خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندە لە كاری ئیسلامی و سیاسی و دەتوانێت جارێكی تر هەڵسێتەوە و رۆڵی كاریگەری هەبێ لە پرۆسەی چاكسازی راستەقینەداو لەو پێناوەدا وەك هێزێكی نیشتمانی بەرپرسیارانە هەڵوێست وەردەگرێت و پڕۆگرامەكانی جێبەجێدەكات بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەنێوان مەبدەئی بوون و واقیعی بوندا.

 

................................