سێ ئه‌گه‌ر بۆ پاش كوچی دوایی دكتۆر محمد مورسی !

به‌داخه‌وه‌ لێره‌ و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌حوكمی ئه‌و شێواز وئالیه‌ته‌ باوو كارپێكراوه‌ی كه‌ بۆ هاتنه‌ سه‌ر حوكم وگه‌یشتن به‌كورسی ده‌سه‌ڵات ئه‌گیرێته‌به‌ر ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و سته‌م و ناعه‌داله‌تی و دیكتاتۆریه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی ئیسلامیی ، هه‌ر ڕووداوێكـ دێته‌ پێش و بۆ هه‌ر گۆڕانكاریه‌كـ ڕووده‌دات ، خێرا گومان و لێكدانه‌وه‌كان سه‌لبی ده‌بن ! چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ پردی متمانه‌و په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتدار وهاوڵاتیاندا لاواز و خشۆكه‌ ‌، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت وڕووده‌دات به‌حاڵه‌تێكی سروشتی وئاسایی نابینرێت ، ته‌نانه‌ت له‌ڕووداوه‌ كاره‌ساتباره‌كانیشدا له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ بۆنه‌و وێستگه‌یه‌كـ بۆ تووندوتۆڵكردنه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا ! كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ درزو كه‌لێنی گه‌وره‌تر ئه‌خاته‌وه‌ ! به‌تایبه‌تی كه‌یس و كێشه‌یه‌كی‌ هاوشێوه‌ی شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژێردراوی دكتۆر محمد مورسی و هێزی فشه‌ڵ وكوده‌تاچییه‌كانی سیسی ! لێره‌وه به‌هه‌مان پێوه‌ر ناتوانی كۆچی له‌ناكاوو مردنی دكتۆر محمد مورسی له‌زیندانه‌كانی كوده‌تاچیه‌كان به‌و ئاسانیه‌ هه‌رس بكرێ و به‌مردنێكی ئاسایی لێكـ بدرێته‌وه‌ ، ڕه‌نگه‌ پلانێكـ بێ بۆ قۆناغی دوای مردن و له‌دونیا ده‌رچوونی دكتۆر محمد مورسی كه له‌ئێستادا ‌بووه‌ته‌ ڕه‌مزو ئاڵاهه‌ڵگری ته‌واوی ئازادیخوازان و تینووی ژیانێكی پڕ له‌سه‌ره‌وه‌ری و یاسا پارێزی دوور له‌هه‌موو كۆت وبه‌ندێكی سه‌پێنراو ، واته‌ ئه‌گه‌ر به‌گریمانه‌ی پلانی پێشوه‌خته‌ بۆ مردنه‌كه‌ی دكتۆر محمد مورسی قایل بین ، ڕه‌نگه‌ بۆ یه‌كێكـ یان زیاتر له‌م ئه‌گه‌رانه‌ بگه‌ڕیته‌وه‌ :
:
1- ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كـ بێ بۆ ڕووخان ولادانی عبدالفتاح سیسی وكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی میسر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات وبه‌مه‌ده‌نیكردنی دامو ده‌زگا فه‌رمیه‌كان ده‌وڵه‌ت ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ شه‌رعیه‌ت پێدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و گێڕانه‌وه‌ی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی ! واته‌ به‌كردنه ‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر دوو كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی حوكم ( شه‌رعیه‌تی دكتۆر مورسی و كوده‌تاچیه‌تی عبدالفتاح السیسی ) له‌شانۆی سیاسه‌تدا ، بارۆودۆخی ناوخۆی ئه‌وه‌ وه‌ڵاته‌ پێ له‌قۆناغێكی ئاسایی و سه‌قامگیری سیاسی بكاته‌وه‌ !
:
2- ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌مردنی دكتۆر مورسی ده‌رگا به‌ڕووی وتوێژو دانوستان له‌گه‌ڵ ئیخواندا بكرێته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی ئیقلیمی بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی مام ناوه‌ند به‌جۆرێكـ هه‌موو لایه‌نه‌كان قایل بكات ، له‌وێشه‌وه‌ كۆتاییهێنان به‌باركرژی و هه‌ڵگرتنی باری نائاسایی وگێرانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ ده‌زگا فه‌رمیه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ڕیگه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن وگه‌یشتنی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل بۆ ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان ! ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یان به‌لای هه‌موو سه‌ركرده‌كانی ئیخوان زه‌حمه‌ت بێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئاشتببنه‌وه‌ وگره‌و له‌سه‌ر خوێنی سه‌دان سه‌ركرده‌و هه‌واداری ئیخوان و هاوپه‌یمانه‌كانی بكرێ ، وه‌لێ به‌دووری نازانم ئه‌م ڕیكه‌وتنه‌ بگاته‌ ئه‌نجام به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و باڵه‌ی كه‌ داوا ده‌كات ئیخوان پێاچوونه‌وه‌ بكات به‌به‌رنامه‌ی سیاسی و ئالیه‌ته‌كانی حزبایه‌تی و كارو چالاكی بانگه‌وازی ئیسلامیی ! ئه‌م ڕووداوه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی جیهان ده‌سه‌ڵاتدارانی میسر به‌به‌رپرسیار ده‌زانن به‌رانبه‌ر به‌مردنی دكتۆر محمد مورسی ، داوا ده‌كه‌ن به‌وردی و دوور له‌ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌چۆنیه‌تی مردنه‌كه‌ی بكرێت !
:
3- ئه‌گه‌ری كۆتاییهاتن وڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی وهێزی كوده‌تاچیه‌كان بێ به‌ لادان و داخستنی دوا ڕۆڵ وئه‌ركی عبدالفتاح السیسی ، هاوشان له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیخوان وه‌كـ لایه‌نی دووه‌می ڕكابه‌ر وهاوبه‌ش له‌سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كانی میسر ، دواتریش ناساندنی ئیخوان وه‌كـ ڕێكخراوێكی تیرۆریستی له‌جیهاندا ، به‌مه‌ش ڕیخۆش بكرێ بۆ لایه‌نی سییه‌م وكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ له‌ژیانی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی به‌هه‌موو پێكهاته‌ جێاوازه‌كانیه‌وه‌ ، ئه‌ویش به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و ده‌سپێكردنی قۆناغێكی تازه‌ی میسریه‌كان له‌دوای كۆچی دوایی دكتۆر محمد مورسی وله‌زبڵدانی مێژووی ڕه‌شی عبدالفتاح السیسی !