كه‌ی سه‌عاتی سفر وه‌ڕاست ده‌رئه‌چێ !؟

له‌وه‌ته‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌رپابووه‌ ساڵی 1979 ئیدی به‌لای ده‌سه‌ڵات وناوه‌نده‌ فه‌رمیه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ ، ئه‌مریكا به‌شه‌یتانی نه‌فره‌ت لێكراوی گه‌وره‌ ناسێنراوه‌ ، شه‌یتانێكـ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو نزیكبوونه‌وه‌ وهاوپه‌یمانی ولێگه‌یشتن وڕیكه‌وتنێكـ ! له‌به‌رانبه‌ریشدا سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدرانی ئێران به‌جۆرێكـ مامه‌ڵه‌یكردوه‌ كه‌ ئێران دوژمن ونایاری پله‌یه‌كی سیاسه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ڕۆژئاوایه‌ به‌گشتی و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی ! له‌وێشه‌وه‌ ناو به‌ناو له‌ بۆنه‌ی جێاوازو تایبه‌تدا هه‌ل و ده‌رفه‌ت هاتۆته‌ پێش تیایدا هه‌ردوولا هێرشی تووندی ڕگه‌یاندنیان كردوته‌ سه‌ر یه‌كترو هێنده‌ی تر جیهانیان به‌خۆیانه‌وه‌ قاڵكردوه‌ ! كه‌چی سه‌رباری ئه‌م مێژووه‌ دوورو درێژه‌ له‌ئیداره‌دانی دوژمنایه‌تی و ناكۆكی نێوان هه‌ردوولا له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌یان حكومه‌ت و رژێم وده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌كه‌ لادران وكوده‌تا وشۆڕشیان له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌نجامدرا ، وه‌لێ حكومه‌تی ئێران هه‌تا دێ به‌هێز ده‌بێ وڕووته‌قانه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و هێرشه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ستێ ! جگه‌ له‌هه‌ندێ جموجوڵی دیبلۆماسی ونیمچه‌ ئابڵووقه‌ی ئابوری كاردانه‌وه‌و كاریگه‌ریه‌كی ئه‌تۆ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ بارته‌قای ئه‌وه‌بێ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ ڕاست ودروسته‌ ! هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و سیاسه‌ت وتێڕوانینه‌ی له‌نێوان ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌دا به‌ڕیوه‌ده‌چێ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ دیاریكردن و ڕه‌نگ ڕێژی سنور وهێڵی نێوانیان ، هێشتا كاری پێده‌كرێت وهه‌موار نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ! واته‌ له‌ئه‌گه‌ری به‌عه‌مه‌لیكردنی هێرش وپه‌لاماری ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ڕێكه‌وتن ولێگه‌یشتنی نێوان هه‌ردوولایه‌ ، دیسان ‌ئاماژه‌یه‌ به‌گۆڕانكاری سیاسه‌تی ئه‌مریكا وسه‌رهه‌ڵدانی جێگره‌وه‌و بوونی زیاتر له‌بژارده‌ وگه‌مه‌یه‌كـ ، ‌ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئاماژه‌كان وسه‌ره‌داوی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ :
:
1- ڕه‌نگه‌ له‌ئه‌نجامی شپرزه‌یی ودابه‌شبوونی ناوماڵی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی وئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ له‌شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا ، ئێران زیاد له‌و ڕۆڵ و ئه‌ركه‌ی كه‌بۆی دیاریكراوه‌ پێی ڕاكێشا بێ ، له‌ویشه‌وه‌ له‌ڕیگه‌ی پشتگیری و هاوكاریه‌كانی تاران بۆ گروپ و ڕیكخراوه‌كانی سه‌ر به‌خولگه‌ی ئێران ، زیاتر له‌وه‌ی بڕیاره‌ پێگه‌ی سه‌ربازی وسیاسی وئابوری خۆی به‌هێز كردبێ‌ ! كه‌ بۆ ئه‌مریكا و داهاتووی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ڕۆژئاوا وهاوپه‌یمانه‌كانی له‌ئاستی جیهان و وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی ومه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ بن ! به‌مه‌ش سنورێكـ بۆ هه‌ڵپه‌ی ئێرانیه‌كان دابنێ و په‌یامێكیش بێ بۆ وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌ هێشتا به‌لای ئه‌مریكا مه‌به‌ستیانه‌ ناوچه‌كه‌ دووربێ له‌ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی ئێران وهه‌ژموون و باڵاده‌ستی گروپ و ڕه‌و‌تگه‌رای شیعه‌كان !
:
2- ڕه‌نگه‌ سعودیه‌ وئیمارات پێكه‌وه‌ ئه‌مریكایان قایل كردبێ كه‌ ئه‌وان ئه‌مریكا قه‌ره‌بوو ده‌كه‌نه‌وه‌ وده‌چنه‌ ژێر باری ته‌واوی داواكاریه‌كانی ئه‌مریكا زیاتر له‌وه‌ی ‌له‌ئه‌نجامی بێ ده‌نگی ونه‌رمی نواندنی ئه‌مریكا له‌به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی شه‌ڕانی وپاوانخوازی حكومه‌تی ئێران و ڕێكخراوو گروپه‌كانی سه‌ر به‌ماڵی شیعه‌ وه‌ده‌ستی دێنێ ! ئه‌مه‌ش له‌ ئێستادا زۆر مه‌حاڵه‌ چونكه‌ ئه‌مریكا هێشتا پیویستی به‌ئاماده‌یی ئێران هه‌یه ، هه‌روه‌ها ئیمارات وسعودیه‌ ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت هاوپه‌یمان و ته‌واوكاری یه‌كترن ، وه‌لێ له‌ چه‌ندین ویستگه‌و وه‌رچه‌رخانی دیكه‌دا سیاسه‌تی جێاوازو پێچه‌وانه‌ به‌یه‌كتر ئه‌گرنه‌به‌ر !
:
3- له‌نێوان سیاسه‌تی ڕاڕایی سه‌رۆكی ئه‌مریكاو ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازی وسیاسیه‌ی كه‌ بۆ ئێران فه‌راهه‌م بووه‌ له‌لایه‌كـ ، په‌یوه‌ندی تووندوتۆڵ وڕایه‌ڵه‌ی فره‌ جه‌مسه‌ری دیبلۆماسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ڕوسیا وچین وه‌‌كـ دوو ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی له‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌شێكـ له‌ وه‌ڵاتانی ئه‌وروپا ، هه‌وڵی دروستكردنی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوو پێشخستنی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی وه‌ڵاته‌كه‌ی بدا ! بێ گومان هه‌وڵێكی له‌مجۆره‌ قبوڵی ڕۆژئاواو وه‌ڵاتانی ناوچه‌كه‌ نیه‌ به‌تایبه‌تی وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی وده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ، هه‌ر بۆیه‌ ناو به‌ناو ئه‌م بگره‌و به‌رده‌یه‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ ! تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ی كه‌‌هه‌مووانی خستۆته‌ گومانه‌وه‌ له‌هه‌ر هه‌واڵ وسه‌ردێڕێكـ باس له‌هێرش وجه‌نگی نێوان ئه‌مریكا وئێران بكات !
:
4- ڕه‌نگه‌ گۆڕانكاریه‌كه‌‌ له‌خودی هاتن وده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكاوه‌ بێ ، واته‌ ده‌زگا وناوه‌نده‌ ستراتیژی وسه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا به‌بێ ئه‌وه‌ی پیلانی هێرش و په‌لاماری ڕاسته‌قینه‌ له‌ئارادا بێ ، به‌كه‌ڵكـ وه‌رگرتن له‌كه‌سایه‌تی ڕاڕایی وفره‌ لێدوانی دژه‌یه‌كـ وپێچه‌وانه‌ی دۆناڵد تره‌مپ ، زوو زوو هۆشیاری بده‌نه‌ ئێران و به‌رپرسانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ به‌ئاگا بێننه‌وه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ، كه‌هیچ لایه‌كـ له‌ ئه‌مریكا بێ نیاز نه‌بێ وهه‌وڵی خۆ ڕزگاركردن و ڕاپسكان نه‌دا ! واته‌ ئه‌مریكا له‌وه‌ دڵنیایه‌‌ كه‌ناوچه‌كه‌ هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵ وئیداره‌دانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی ! كه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ گۆڕدرا به‌وه‌هم ، وه‌همی شه‌ڕ له‌خه‌یاڵه‌وه‌ ئه‌بێته‌ واقیعێكی تاڵ ، ئیدی زیندووه‌كان وه‌كـ شایه‌تحاڵێكـ ئه‌بنه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ی به‌سه‌رهات وكاولكاریه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ !