شەش ڕۆژە دووكەڵی پاشماوەی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی كۆنترۆڵنەكراوە

06/07/2019 - 11:44 بڵاوکراوەتەوە لە كوردیو-كوردی

 

لەدوای ئەوەی ئاگر لە پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆ كەتوۆتەوە، بۆ ماوەی شەش ڕۆژە دوكەڵی ئاگرەكە كۆنترۆڵ نەكراوە. 


لەدوای ئەوەی لە ڕۆژی یەكی ئەم مانگەوە ئاگر لە پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سلێمانی كەوتەوەو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگرەكە كۆنترۆڵكرا، بەڵام تاوەكو ئەمڕۆ 6-7-2019 دوكەڵی ئاگرەكە بەردەوامەو بەوهۆیەوە ئاسمانی بەشێك لەشاری سلێمانی دوكەڵاوییە.


پێشتر بەشێك لە هاوڵاتیانی دانیشتوی ناوچەی تابجەرۆ لە ڕێگای ماڵپەڕی كوردیوە نیگەرانی خۆیان گەیاندە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و داوا دەكەن بەزووترین كات چارەسەری كێشەی پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سلێمانی لەسنوری ناوچەی تانجەرۆ بكرێت.


ئەو هاوڵاتیانە ئەوەیان خستەڕوو: پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سلێمانی دەهێندرێتە ناوچەی تانجەرۆ كە ژمارەیەكی زۆر ماڵی لێیەو ماوەی دوو ڕۆژە ئاگر لەو پاشماوەی زبڵ و خاشاكانە كەوتۆتەوە و بۆنی دوكەڵ و بۆنێكی ناخۆش ناوچەكەی گرتوەتەوە زیانی زۆری تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی ناوچەكە دەبێت.


ئەو هاوڵاتیانە داواش دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەرێكی یەكجارەیی بۆ كێشەكە جێبەجێ بكەن و لەو كێشە بەردەوامەی ساڵانە ڕزگاریان بكەن.


جێگەی ئاماژەبۆكردنە ڕۆژانە پاشماوەی زبڵ و خاشاكی سلێمانی دەبرێتە ناوچەی تانجەرۆ لە خواروی سلێمانیەوەو دیمەنێكی نەگونجاوی بەناوچەكە بەخشیوەو ساڵانەش بەشێك لەو پاشماوەی زبڵ و خاشاكە ئاگر دەگرێت و ژینگەی ناوچەكە پیس دەكات.