ناوبژیوانێكی كورد نوێنەرایەتی عێراق لەئۆڵۆمپیادی 2020ی تۆكیۆ دەكات

08/08/2019 - 09:58 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/كوردستانی

 

ئەردەڵان محەمەد

ناوبژیوانێكی كورد بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە لەبەرێوەبردنی پاڵەوانێتیەكانی ناوخۆ‌و دەرەوەی عێراق وەك تاكە ناوبژیوانی زۆرانبازی لەسەر ئاستی كوردستان‌و عێراق، دەستنیشانكراوە بۆ ئۆڵۆمپیاتی تۆكیۆی 2020.

بریارە ساڵی داهاتوو لەوڵاتی ژاپۆن لەتۆكیۆی پایتەختی ئەو وڵاتە ئۆڵۆمپیادی 2020 بەرێوەبچێت‌و تائێستاش ناوبژیوانێكی زۆرانبازی وەك نوێنەری كوردستان‌و عێراق بەشدارە.

هادی حەسەن ئیسماعیل ناوبژیوانی نێودەوڵەتی یاری زۆرانبازی‌و سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لەهەمان كاتیشدا ماستەری هەیە لەیاری زۆرانبازییدا لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانی ئاسیاوە وەك نوێنەری عێراق دەستنیشانكراوە بۆ بەرێوەبردنی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی 2020 تۆكیۆ لەوڵاتی ژاپۆن.

لەو بارەیەوە ناوبژیوانی ناوبراو ئەوەی بۆ دواڕۆژ خستەروو: ناوبژیوان بیەوێت بەئامانجی خۆی بگات دەبێت قوربانی بدات، چونكە زۆربەی ئەو پاڵەوانێتیانەی بەشداربووم لەسەر ئەركی خۆم سەفەرم كردووە، لەبەرئەوەی یەكێتی زۆرانبازی عێراق‌و لیژنەی ئۆڵۆمپی هیچ هاوكاریەكیان نەكردووم، ئەگەر بەشداری پاڵەوانێتیەكانیش نەكەم كاریگەری خراپی هەیە بۆ دابەزاندنی پلەی ناوبژیوانیەكەم.

هادی ئاماژەی بەوەشدا: نەك تەنها بۆ ناوبژیوانی كورد، بەڵكو بۆ سەرجەم ناوبژیوانان بگەیت بەناوبژیوانی نێودەوڵەتی زۆر قورسە‌و هەوڵ‌و ماندوو بوونی زۆری دەوێت، بۆیە لەعێراقدا غەدرێكی زۆر لەناوبژیوانان دەكرێت بەتایبەتی لەساڵی 2016 كە لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانی زۆرانبازی جیهانەوە دەستنیشانكرام بۆ پاڵەوانێتی جیهان لەوڵاتی توركیا، بۆیە لەلایەن دەستەی پێشووی یەكێتی زۆرانبازی عێراقەوە هەموو هەوڵێكیاندا بۆ ئەوەی بەشداری نەكەم، بەڵام بەهۆی پشتگیریم لەلایەن یەكێتی زۆرانبازی جیهانەوە بەشداری پاڵەوانێتیەكەم كرد.

ناوبژیوانە نێودەوڵەتیە كوردەكە ئەوەشی راگەیاند:" تائێستا بەشداری هەشت پاڵەوانێتی جیهانیم كردووە، بەڵام دوو گرنگترین پاڵەوانێتی كە بەشداریم كرد‌و تەنها 47ناوبژیوانیش لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشانكرابوون یەكێكیان لەفرەنسا لەساڵی 2017، هەروەها 2018 لەوڵاتی هەنگاریا.

وتیشی: تاكە پاڵەوانێتی بەشداریم نەكردبێت وەك ناوبژیوانێكی كورد ئۆڵۆمپیادی جیهانە، سوپاس بۆ خوا بەئامانجەكەی خۆم گەیشتم، ئەگەر وەك ساڵی 2016 هیچ كێشەیەكم بۆ دروست نەبێت.

بەپێچەوانەی یارییە بەكۆمەڵەكان لەسەر ئاستی یاری تاك چەندین راهێنەرو یاریزان‌و ناوبژیوانی كورد هەیە كە نوێنەرایەتی عێراق دەكەن لەپاڵەوانێتیە جیهانییەكان.