هەولێر دەستی بە ئامادەكارییەكانی كرد بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق

15/08/2019 - 12:09 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/كوردستانی

 

ئاری عەبدوڵڵا

لە سێیەم رۆژی جەژن و لەسەر یاریگەی دووەمی فڕانسۆ هەریری، یانەی هەولێر بە تەنها ٩ یاریزانەوە، ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق دەسپێكرد كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول دەسپێبكات.

سەرەڕای ئەوەی یانەی ھەولێر بە ژمارەیەك یاریزانی كەمەوە دەستی بە ئامادەكارییەكانی كرد بۆ وەرزی نوێ خولی نایابی عێراق، بەڵام بەرپرسێكی كارگێڕی یانەكە دەڵێت: " چواریاریزانی پیشگەر دەگوازینەوە ریزەكانمان و كەمپێكی مەشق و راھێنان لە دەرەوەی وڵات دەكەینەوە".

هەمان سەرچاوە بە دواڕۆژی راگەیاند چەند كێشەیەك لە نێوان كارگێڕی یانەی هەولێر و راهێنەری یانەكە (ئەكرەم سەلمان) دروست بووە بەوەی كە راهێنەری ناوبراو داوا دەكات پەلەبكرێت لە هێنانی یاریزان و دروستكردنی تیپەكە بە زووترین كات بۆ ئەوەی دەرفەتی زۆریان لە بەردەست بێت بۆ خۆئامادەكردن بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، كەچی بەرپرسانی یانەی هەولێر تاكو ئێستا بە فەرمی تەنها گرێبەستی ٣ یاریزانیان واژۆكردووە.

هەولێر لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق دەیەوێت بە بەرگێكی نوێ بەشداری خولەكە بكات و ئامانجەكانی لەم وەرزەی رابردوو گەورەترە بەڵام تاكو ئێستا گۆڕانكارییەكان گەورەكان لە تیپەكە بەدی ناكرێت و سەرجەم ئەو یاریزانە كوردانەی كە پارساڵ لە ریزەكانی یانەكە بوون، بۆ ئە وەرزەش ماونەتەوە.