فەرحان شوكر ، مانەوەی خۆی لە یانەی نەوت دووپات كردەوە

21/08/2019 - 09:54 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/كوردستانی

 

ئاری عەبدوڵڵا

یاریزانی ئاست بەرزی كورد و گۆڵكاری پێشووی خولی نایابی كوردستان (فەرحان شەكور) گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی نەوت بۆ یەك وەرزی دیكە درێژكردەوە.

یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر (فەرحان شەكور) دوای ئەوەی لە وەرزی پارساڵ ریزەكانی یانەی نەوتی ناوەڕاستی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی نەوت كرد و لەگەڵ ئەم یانەیە ئاستێكی نمونەیی پیشاندا، بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق یانە نەوتییەكەی بەغداد بۆندی ئەم یاریزانەی بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كردەوە.

فەرحان لە پێگەی فەرمی خۆی رایگەیاندووە بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەك لەگەڵ یانەی نەوت بەردەوام دەبم و هیوا دەخوازێت كە ئەم یانەیە لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، ئاست و ئەنجامێكی باشتر لە وەرزی رابردوو پێشكەش بكات.

یانەی نەوت لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق لە پلەی چوارەم گیرسایەوە بە كۆكردنەوەی ٦٣ خاڵ و بە جیاوازی تەنها دوو خاڵ لەگەڵ یانەی زەورای خاوەن پلەی سێیەم، فەرحان لە وەرزی رابردوو توانی ١٢ گۆڵ بۆ یانەی تۆماربكات و لە پلەی نۆیەمی لیستی گۆڵكارانی خولە بینرا.

(فەرحان شەكور) یاریزانی كورد پێشووتر یاری بۆ یانەكانی؛ سلێمانی، زاخۆ، هەولێر، نەوتی ناوەڕاست و نەجەف ئەنجامداوە و ماوەی دوو وەرزە رووی لە یانەی نەوت كردووە و پێشترین بەهۆی ئاستە بەرزەكەی لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی یاری كردووە.