ناوبژیوانێكی كورد بروانامەی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

12/10/2019 - 11:38 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/كوردستانی

 

بۆ یەكەمجار لەشاری سلێمانی ناوبژێوانێكی یاری بالە دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی توانی بەخەونەكەی بگات‌و بڕوانامەی جیهانی یاری بالە بەدەست بێنێت بۆ لەمەودواش دەتوانێت سەرجەم خول‌و پاڵەوانێتیەكان لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە ببات.

شوان عەلی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی یاری بالە لەشاری سلێمانی دوای بەشداریكردن لەخولێكی بەرزكردنەوەی پلەی ناوبژیوانیەتیەكەی لەساڵی 2015 توانی دوای چوار ساڵ چاوەروانی بەخەونەكەی بگات‌و بەڕەسمی لەلایەن (FIVB) یەكێتی بالەی جیهانەوە ناوی لەلیستی ناوبژیوانە نێودەوڵەتیەكان بنوسرێت.

لەلای خۆیەوە ناوبژیوانە نێودەوڵەتیەكەی شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا:" بۆ گەیشتن بەئاستی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێویستە ناوبژیوان لەپلە سێ دەست پێبكات تادەگاتە ئاستی جیهانی و دەبێت بەشداری چەندین خولی راهێنان‌و بەرێوەبردنی پاڵەوانێتیەكان بكات، هەروەها بەشداری لەبەهێزكردنی خولی ناوبژیوانی دەكات لەژێر چاودێری یەكێتی بالەی جیهان، ئەگەر سەركەوتوو بوو لەتاقیكردنەوەكان‌و بەڕێوەبردنی پێنج یاری نێودەوڵەتی ئەو كاتە شارەی ناوبژیوانی جیهانی پێدەدرێت.

وتیشی:" جەمال رەشید سەرۆكی یەكێتی بالەی سلێمانی‌و رزگار كەمال‌و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی مامۆستا بەكر لەو كەسانە بوون كە زۆر هاوكارم بوون، بەڵام بەداخەوە نەبەرپرسانی یەكێتی بالەی كوردستان‌و نەبەرپرسانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هیچ هاوكارییەكیان نەكردووم، بەڵام یارمەتینەدانی دەزگا وەرزشییەكان نەبۆتە وەستانم لەبەڕێوەبردنی یارییەكان، چونكە تائێستا بەشداری بەڕێوەبردنی یارییەكانی 36‌و 37هەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبم كردووە لەوڵاتی تونس، بەڵام بەهۆی دووبەرەكی بەرپرسانی یەكێتی بالەی عێراقەوە تائێستا یارییەكانی خولی نایابی عێراقم لەم وەرزە بەڕێوەنەبردووە، لەهەوڵەكانم بەردەوام دەبم بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكان لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا‌و عەرەب.

شوان راشیگەیاند:" بەدڵنیاییەوە دوای بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە ئەركێكی زیاتر كەوتووەتە سەرشانم بەتایبەت لەبەڕێوەبردنی یارییەكانی خولی كوردستان، لەبەر ئەوە بەرپرسانی یەكێتی بالەی كوردستان پشت بەمن ‌و مامۆستا هیشام دەبەستێت كە خاوەنی بڕوانامەی جیهانین بۆ بەڕێوەبردنی یاریەكان، بۆیە زۆر دڵخۆشتر دەبم كە برا ناوبژیوانەكانیترمان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتوانن ببنە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئامادەشم بەكردنەوەی خول بۆیان، بەڵام لەئێستادا ئامانجەكانی من ماویەتی ئەویش بەشداریكردنمە لەبەڕێوەبردنی یاریەكانی كیشوەری ئاسیا‌و پاڵەوانێتیی جیهان.

لەئێستادا پێنج ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەوڵاتی عێراقدا هەیە كە دووان لەو ناوبژیوانانە كوردن هەریەك لەشوان عەلی لەسلێمانی‌و هیشام بەكر لەهەولێر. 

كەمن ئەو راهێنەرو ناوبژیوانانەی ببنە خاوەنی بروانامەی جیهانی، بەڵام بەردەوام بوون‌و كۆڵنەدانیان وایان لێدەكات كە بۆ ئامانجەكانیان بەردەوام بن‌و ببنە خاوەنی بروانامەی جیهانی.