زانیاری لەبارەی یارییەكەی ئەمرۆی چێڵسی و لیڤەرپوول بزانە

22/09/2019 - 10:22 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/جیهانی

 

لەسەر یاریگای ستامفۆرد بریدچ لە جەولەی شەشەمی پرێمەرلیگ یانەی چێڵسی میوانداری یانەی لیڤەرپول دەكات، بلوز بە كۆكردنەوەی هەشت خاڵ پلەی حەفتەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لەم وەرزە دۆڕانێكی هەیە بەرامبەر بە مانچستەریۆنایتد ، لەگەڵ هەریەك لە لیستەرسیتی و شیفیلید یۆنایتد بەرامبەر بووەو بردنەوەی بەرامبەر بە هەریەك لە یانەكانی نۆرویچ سیتی و ولفرهامبتۆن بەدەست هێناوە.

ئەم یانەیە لە جەولەی یەكەمی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەسەر یاریگای خۆی بە ڤالنسیای ئیسپانی دۆراوە، ئەم وەرزەش بەهۆی سزای فیفا نەیتوانیوە گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێك واژوو بكات لەبەرامبەردا كۆمەڵێك یاریزان تیپەكەیان بەجێ هێشتوە، چێڵسی چاوەڕوانی ئەركێكی زەحمەت دەكات لەم یارییەدا.

هەرچی یانەی لیڤەرپولە لەم وەرزە تا ئێستا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە ئەم یانەیە پێنج بردنەوەی لەدوای یەكی بەدەست هێناوەو بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ پلەی یەكەمی گرتوەو بردنەوەی بەرامبەر بە هەریەك لە یانەكانی نۆرویچ سیتی و ساوسهامبتۆن و ئەرسناڵ و نیوكاسڵ یۆنایتد و بیرنلی تۆمار كردووە، ئەگەرچی ئەم تیپە لە یەكەم یاری بۆ پارێزگاری كردن لە نازناوی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر بە ناپۆلی توشی دۆران بوو بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادەیە.

بۆ ئەم یارییە ماسۆن مۆنت و نگۆلۆ كانتی دەگەڕێنەوە پێكهاتەی یانەی چێڵسی، لامپاردی ڕاهێنەری چێڵسی لە بارەی ئامادەكاری تیپەكەی گوتی :" ئەم یارییە دەرفەتێك دەبێت بۆ ئەوەی یاریزانانی تیپەكەمان بتوانن ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و سەركەوتن بكەنە بەشی خۆیان، راستە ئەركمان زەحمەتە بەڵام كار بۆ ئەوە دەكەین ئەنجامێكی باش تۆمار بكەین".

هەرچی لیڤەرپول سوود لە تواناكانی نابی كیتا و دیفۆك ئۆریجی وەردەگرێتەوە كە بەهۆی پێكانەوە لە یارییەكانی رابردوو بەشدارییان نەكردووە، بەڵام ئەلیسۆن بێكەری گۆڵچی ناتوانێت بەشداری لەم یارییەشدا بكات چونكە لە پێكان چاك نەبۆتەوە.