سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەك لە ئێران دەکات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەك لە ئێران دەکات

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئێران کرد ڕێوشوێنی " بەرجەستە " بگرێتەبەر بۆ یارمەتیدان لە پتەوکردنی هاریکارییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.

ڕۆژی سێشەممە  ڕافائیل گرۆسی سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ئەسفەهانی ئێران وتی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پێشنیاری کردووە کە " سەنگ بخرێتەسەر ڕێوشوێنی زۆر بەرجەستە و زۆر کرداریی و دیار کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێن بە مەبەستی خێراکردنی هاریکارییەکان."

گڕۆسی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کۆبووەتەوە، لەوانەش سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران محەمەد ئیسلامی.

گڕۆسی وتی ڕێککەوتنەکەی مانگی سێی ساڵی 2023 لەگەڵ ئێراندا " هێشتا کاری پێدەکرێت " بەڵام پێویستی بەوەیە " بابەتی دیکەی " بۆ زیاد بکرێت.

ڕێککەوتنەکە لە ماوەی دوایین سەردانی گڕۆسیدا بوو بۆ ئێران و هاریکارییە بنچینەییەکانی وەکو پاراستن و چاودێریکردنی خستەڕوو.

بەڵام گڕۆسی وتی " خاوبوونەوەیەک " هەبووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا.

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ئێرانیش لەلای خۆیەوە بەرپرسیارێتییەکانی بەپێی ڕێککەوتنەکە پشتگوێ خست.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، سزاکانی سەر ئێران لابران و لە بەرامبەریشدا ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار کرد.

گرژییەکانی نێوان ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دوای شکستی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە زیادییان کرد، یەکێتی ئەوروپاش هەوڵیداوە نێوەندگری بکات و تاوەکو ئێستاش شکستی هێناوە لە گەڕاندنەوەی ئەمەریکا بۆ سەر ڕێککەوتنەکە و ناچارکردنی ئێران تاوەکو دووبارە پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ببێتەوە.

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕەخنەی لە ئێران گرتووە لەسەر نەبوونی هاریکاریی لەسەر پرسەکانی وەکو فراوانکردنی کارە ئەتۆمییەکەی و قەدەغەکردنی پشکنینەکانی دەزگاکە و کوژاندنەوەی ئامێرەکانی چاودێریی دەزگاکە کە لە کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێراندا داندراون.

لە مانگی دوودا دەزگاکە لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە لەلایەن دەزگای فرانس پرێسەوە بیندراوە دەڵێت ئێران یۆرانیۆمێکی پیتێندراوی کۆکردووەتەوە کە 27 هێندەی ئەو سنوورەیە کە لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دا بۆی داندراوە.

 

هه‌واڵی گرنگ