x

X
06/04/2025 - 09:11
جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت : عێراق دەیەوێ کۆنتڕۆڵی هەموو نەوتی هەرێم بکات

لەو هەفتەیە کۆبوونەوەی دیکە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ "عێراق دەیەوێ کۆنتڕۆڵی هەموو نەوتی هەرێم بکات، ئەوەش ناکرێت."

د.سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند "چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام دیارە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتی دانوستانی نییە، وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕاشکاوی دەڵێت "ئێمە دەسەڵاتی پێدانی گەرەنتی و زیادکردنی پارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتمان نییە" لەبەر ئەوەش ناکرێت بەو شێوەیە یاسا جێ بەجێ بکرێت."

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز گوتی "دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی هەموو کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن، لە دەرهێنان، گرێبەست و بەبازاڕکردن، ئەوەش ناکرێت، بڕیارە جارێکی دیکە لەو هەفتەیە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، ئەگەر عێراق بیەوێ یاری بە کاتەوە بکات بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەوە لە بەرژەوەندی کەسدا نییە."

د.سەباح سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسکە، هەموومان دەبینین ناوچەکە بە چەندین ئاڵۆزی و کێشەدا تێدەپەڕێت، تاکە ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئوم قەسرە، هەر ئاڵۆزییەک ڕووبدات و ئوم قەسر دابخرێت ئابووری عێراق تووشی داڕمان دەبێت، لە بەرژەوەندی عێراقیشە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت."

گرنگ
دەست بەئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێم کرا
لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەرێوەدەچێت
جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت : عێراق دەیەوێ کۆنتڕۆڵی هەموو نەوتی هەرێم بکات
وادەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاری کرا